تۆمارگای خیام ٥٥ ساڵ تەمەنیەتی

تۆمارگای خیام ئەرشیفی یەک سەدە هونەری کوردیی پاراستووە

٥٥ ساڵ تەمەنی تێپەڕاند

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

تەمەنی تۆمارگای خیام دە ساڵ بووە، کاتێک کاوە محەمەد لەدایک دەبێت. ئەو ئێستا تەمەنی ٤٥ ساڵە و پێنجەم کەسی خێزانەکەیەتی، کە خاوەندارێتیی تۆمارگاکە دەکات و ئەرشیفی سەدەیەک لە هونەری کوردی دەپارێزێت.

تۆمارگاکە لە مەزادخانەکەی خوارەوەی شاری سلێمانییە، بەڵام کاوە محەمەد وتی، بەهۆی وەرگرتنی پارەیەکی زۆری تابلۆی دوکان، بە ناچاری تابلۆی لێ کردووەتەوە.

“ئەرشیفی گۆرانی و هونەری کوردیمان لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە هەیە. تەواوی ئەرشیفەکەمان لەسەر سیم، قەوان و کاسێتی بەکرە پاراستووە”، کاوە محەمەد وای بە 964+ وت.

بە بڕوای کاوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەردەستبوونی ئینتەرنێت و یوتیوب خواستی لەسەر کاسێت کەم کردووە، بەڵام هێشتا “کڕیاری خۆی هەیە، چونکە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بە ئینتەرنێت و یوتیوب دەست ناخرێن”.

لەناو شاری سلێمانی تۆمارگای خیام کۆنترینە، دوای ئەویش تۆمارگای ئۆسکار دێت کە زیاتر لە دە ساڵ دوای ئەو کراوەتەوە و تا ئێستاش کراوەن.

کاوە دەڵێت، بەرهەمەکانی مەلا کەریم، دایکی جەمال و دەروێش عەبدوڵڵا لە کۆنیترین بەرهەمەکانی تۆمارگاکەیانن.

لەگەڵ ئەوەی تۆمارگاکە ئێستا ئەو داهاتەی نەماوە وەک جاران، “بەڵام نامانەوێت تۆمارگاکە دابخەین، بەڵکوو دەمانەوێت وەک ئەرشیف و کەلەپووری شارەکە بیهێڵینەوە، هەرچەندە حکومەت هیچ هاوکارییەکی پێشکەش نەکردووین.”