له خانه‌قین، هه‌وڵ بۆ به‌زیندووهێشتنه‌وه‌ى شێوه‌زارى كه‌لهوڕى ده‌درێت
+964
راژان ماجد – خانەقین
ژمارەیەك كەسایەتی رۆشنبیر له رێگه‌ى چالاكی جیاجیا، هەوڵی زیندووكردنەوەی شێوەزاری كەڵهوڕی دەدەن، كه خه‌ریكه له ره‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌ى خۆی لاده‌دات.
ناوەندی كولتووری خانەقین، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه چوارى كانوونی یه‌كه‌مى ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك كەسایەتی و رۆشنبیرانی شارەكە دانیشتنێكیان بۆ ئاشناكردنی ئامادەبووان بە شێوەزاری كەلهوڕی ئه‌نجامدا.
عەلی ئەركەوازی، پسپۆڕی زمانی كوردی به +964 ـی وت “ئەم دانیشتنانە ماوەی ساڵانێكە پێیەوە سەرقاڵم، ئامانجم ئاشناكردنی هەمووانە بەم شێوه‌زارەو بۆ ئەوەی وشەی دەرەكی شوێنی وشەی رەسەنی كوردی نەگرێتەوە”.
به‌پێی قسه‌ى عەلی ئه‌ركه‌وازى، شێوه‌زارى كه‌ڵهوڕی كه شێوه‌زارێكی رەسەنی زمانی كوردییه، بە درێژایی كات هەندێك لە ووشەكان لە بیركراون و لە بڕی ئەودا وشەی عەرەبی و فارسی شوێنی گرتۆتەوە.
سنوورى جوگرافی بوونى شێوه‌زارى كه‌ڵهوڕی، هه‌ریه‌ك له شارەكانی خانەقین و مەندەلی له باشوورى كوردستان و هه‌ریه‌ك له شاره‌كانى كرماشان و ئیلام و شاباد و قەسر شیرین و سەرپێڵ زەهاو له رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌گرێتنه‌وه.