دوای ساڵێک بکوژانی نەقیب محەمەد لەتیف دادگایی نەکراون

 964+

توانا نەقی – هەولێر

ساڵێک بەسەر کوژرانی نەقیب محەمەد لەتیف، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان تێدەپەڕێت، خانەوادەکەی دەڵێ؛ نازانین دۆسیەکە بەکوێ گەیشتووە.

ئەمڕۆ چواری کانونی یەکەم، ساڵێک بەسەر کوژرانی نەقیب محەمەد لەتیف، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی تێدەپەڕێت، کە لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بوو بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام لەلایەن کەسێکی نزیک لەو تۆمەتبارەوە تەقە لەو مەفرەزەی پۆلیس دەکرێت، لەوێدا نەقیب محەمەد لەتیف، گیانلەدەستدەدا و چوار هاوکاری تریشی بریندار دەبن.

خانەوادەی نەقیب محەمەد لەتیف، لە سآڵڕۆژی مەرگیدا پەیامێکیان بڵاوکردوەتەوە کە کۆپیەکی دەست +964 کەوتووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە “ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی کوڕەکەمان نەقیب محەمەد لەتیف تێدەپەڕێت، سەرباری پێزانینمان بۆ پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، بەڵام نازانین دۆسییەکە بەکوێ گەشتووە”.