خەڵکی لە ئاسمانی سلێمانی دەفڕن

+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

یارییه‌ وه‌رزشییه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ كوردستان له‌ بره‌ودایه‌، له‌ سلێمانی گه‌شتیاران به‌ په‌ره‌گلایده‌ر و په‌ره‌ماتۆڕ به‌سه‌ر ئاسمانی شاره‌كه‌دا ده‌فڕن

په‌ره‌گلایده‌ر وەرزشێکی تاڕاده‌یه‌ك نوێیە لە کوردستان، ئێستا رۆژانە گەشتیاران لەسەر شاخی گۆیژەوه‌ بەسەر شاری سلێمانیدا دەفڕن و سه‌ركێشی ده‌كه‌ن.

هونەر قادر فڕۆکەوانی په‌ره‌گلایده‌ره‌ و تەمەنی ٣٨ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە سەرقاڵی یاریی پەڕەگلایده‌ر و په‌ڕه‌ماتۆڕه‌.

ئه‌و لە سلێمانی فێری ئه‌و یارییانه‌ بووه‌، لە دەرەوەش خولی تایبەتی بینیوە و بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە.

هونه‌ر، كه‌ ئێستا راهێنەری نێودەوڵەتییە، باسی لەوەکرد، به‌ رێككه‌وت ئه‌م یارییه‌ی ناسیوه‌ و حه‌زی لێی بووه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت، وەک هەر وەرزشێکی دیکە، وه‌رزشه‌ ئاسمانییه‌كانیش مەترسیی خۆیان هەیە، لە حاڵەتی لەناکاودا ئه‌گەر لە بەرزی ٥٠ مەترەوە بین، پەڕەشووتی (زیاده‌) سپێریان پێیە، ئه‌گەر بەرزتربن دەتوانن كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بە سەلامەتی بنیشنەوە.

“وه‌رزشوانانی ئه‌م یارییه‌ ساڵانە دەچن خول دەبینن و خۆیان دەخەنە مەترسیەوە لەسەر ئاوی و ده‌ریاكان، بۆ ئەوەی فێری چارەسەری گرفتەکان ببن لەکاتی فڕیندا، مەترسی روو لە هەموو کەسێک دەکات لە ئاسماندا، ئەوەش دەکەوێتەوە سەر توانا و شارەزایی ئەو فڕۆکەوانە” هونه‌ر قادر وا ده‌ڵێت.

لە بارەی خواستی خەڵکەوە بۆ ئه‌م یارییانه‌، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ وتی، شاری سلێمانی هەڵکەوتەیەکی گەشتیاری هەیە بە تایبەت شاخی گۆیژە، گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، زۆرینەشیان عەرەبن و بیانیشیان تێدایە، خەڵکی کورد کەمتر دەیانەوێت تاقی بکەنەوە و لەگەڵیاندا بفڕن.

وه‌رزشه‌ ئاسمانییه‌كانیش مەترسیی خۆیان هەیە

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ژماره‌ و هاتنی گه‌شتیاران بۆ یارییه‌ ئاسمانییه‌كان بەپێی وەرزەکان جۆری گەشتیار دەگۆڕێت، هەفتەی وا هەیە بەهۆی نەبونی گەشتیارەوە فڕین ناکەن، یاخود بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە ناتوانن بفڕن، لە وەرزی هاویندا رۆژانە ١٠ بۆ ١٥ گەشتیار دێن.

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هه‌رێمی كوردستاندا شوێنی فڕین بۆ په‌ره‌گلایده‌ر و په‌ڕه‌ماتۆڕ هه‌یه‌، له‌وانه‌ “هەڵەبجە، خورماڵ، چیای گۆیژە، چیای سارا، هەیبەت سوڵتان، کۆڕەک، شاخی زاوا لە دهۆک.

هونه‌ر قادر ده‌ڵێت، “ئێستا سەرقاڵی ئەوەین جێگەی دیکە بۆ فڕین بدۆزینەوە، شاخی سارا لەم ناوچەیە بەرزترین و مەترسیدارترین شوێنە بۆ فڕین”.

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هه‌رێمی كوردستاندا شوێنی فڕین بۆ په‌ره‌گلایده‌ر و په‌ڕه‌ماتۆڕ هه‌یه‌

مونا شانۆڤسکی، گەشتیارێکی ئەڵمانییە و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ سلێمانییه‌وه‌ فڕینی كردووه‌، ئه‌و بۆ 964+ وتی، ” لەبەرئەوەی یەکەم جارم بوو بفڕم، زۆر دەترسام، من له‌ بەرزایی دەترسم، بەڵام کاتێک چووینە ناو هەواوە زۆر سەرسوڕهێنەر بوو”.

964+ ده‌زانێت یانەی فڕۆکەوانی سلێمانی ١٢ ئەندامی هەیە، کە فڕین ئەنجام دەده‌ن، به‌ڵام خەڵکێکی کەم روو له‌و یانه‌یه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانای کڕینی کەلوپەلەکانیان نییە و نرخیان گرانه‌.

یانەی فڕۆکەوانی سلێمانی ١٢ ئەندامی هەیە، کە فڕین ئەنجام دەده‌ن

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا یه‌كێتیی یارییه‌ ئاسمانییه‌كان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌شێكی یاریزانانی كوردستان پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌موو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا یانه‌ی وه‌رزشیی تایبه‌ت به‌ یارییه‌ ئاسمانییه‌كان هه‌یه‌.