کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆتایی هات

964+

فەرمان سادق

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و لیژنەی دارایی درێژەی بە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەدات بۆ دەنگدان لەسەر ئەو مادانەی ماون دەنگیان لەسەر بدرێت.

بەپێی زانیارییەکان لیژنەی دارایی داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کە دانیشتنەکەی ئەمشەو بۆ سبەی هەینی یان رۆژی شەممە دوابخرێت.

بڕیارە کاتژمێر 11ـی ئەمشەو، پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان بە بودجە کۆببێتەوە، رەنگە لە دانیشتنەکەدا داواکارییەکەی لیژنەی دارایی بخرێتە دەنگدان، ئەگەر دەنگی پێویست بهێنێت، ئەگەری هەیە دانیشتنەکەی ئەمشەو دوابخرێت.

نەجوا حەمدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ 964 کرد و ئاماژەی بەوەدا کە رێکەوتن لەسەر هەردوو مادەی 13 و 14 پەیوەند بە هەرێمی کوردستانەوە کراوە و چاوەڕێن لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت.

دەشڵێت: دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێستا لیژنەی دارایی لە کۆبوونەوە دایە، پەرلەمانتارانیش لە کافتریای پەرلەمانن و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی کاتژمێر 11ـی ئەمشەو دەکەین.

لەبارەی داواکارییەکەی لیژنەی دارایی بۆ دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمشەو، نەجوا حەمید دەڵێت: دانیشتنی ئەمشەو هەر دەکرێت، لە دانیشتنەکەدا داواکاری لیژنەی دارایی دەخرێتە دەنگدان، ئەگەری دەنگی پێویست بهێنێت ئەوا رەنگە دانیشتنەکە بۆ شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو دوابخرێت.