گوندەکەی جەوهەر نامیق خەریکە دەخنکێ

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوکەڵی کارگەیەکی قیر هاوڵاتیانی گوندی بەرلوت لە قەزای کەلار بێزار دەکات و داوای هاوکاری دەکەن.

گوندی بەرلوت زێدی لەدایکبوونی جەوهەر نامیقە، کە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دادەنرێت لە ساڵی ١٩٩٢.

عەلی کەریم، ھاوڵاتییەکی نیشتەجێی گوندەکەیە بە 964+ی وت، “دوکەڵی ئەو کارگەیە بێزاری کردوون و جگە لەوەش زیانێکی زۆری بە دانیشتوانی گوندەکە گەیاندووە لە رووی تەندروستیەوە”.

هەروەها وتی، “ئەو کارگەیە پێویستە فلتەری ھەبێت، بەڵام خاوەنی کارگەکە بۆی ناکات و وەک دانیشتوانی گوندەکە چیتر ئەوە قبوڵناکەین”.

لەسەر سکاڵای خەڵکی گوندەکە، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، نوسراویان کردووە بۆ داخستنی کارگەکە و چاوەڕێی وەڵامی قایمقامیەتی کەلارن.

دورەید سەلیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان بە 964+ی راگەیاند، دوای سکاڵای ھاوڵاتیان، لیژنەیان ناردووەتە سەر کارگەکە، بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کارگەیە ناوبەناو کاردەکات و نەک بە بەردەوامی، ئێستاش خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.

دەشڵێت، بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کارگەیە مۆڵەتی ژینگەیی نییە، لە رۆژی سێشەمەی رابردوو نوسراویان کردووە بۆ قایمقامی کەلار، داوای داخستنی کارگەکەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

گوندی بەرلوت سەر بە قەزای کەلارە و ٦٥ ماڵی تێدایە، و دانیشتوانی گوندەکە ٦٥ ماڵ دەبن.

964+پەیوەندی کرد بە شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر ئەم بابەتە لێدوان بدا

ڤیدیۆی گوندەکە کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە