تاوەکو ١٢ی نیوەڕۆ گەشتی فڕۆکەخانەی هەولێر رادەگیرێت

964+ هێمن بەکر – هەولێر بەهۆی تەم و مژی چڕەوە لە ئاسمانی شارەکە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تاوەکو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە رادەگیرێن، بە قسەی بەرپرسان. ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە 964+ی وت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا شەش گەشتیان دواکەوتووە. وتیشی، “لەپێناو سەلامەتی گەشتیاران گەشتەکان دوادەخەین، لە کاتژمێر ١٢ دەست پێدەکەینەوە”. 964+ دەزانێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە بێ گرفت گەشتەکانی خۆی بەڕێکردووە، چەند فڕۆکەیەکیش کە بڕیاربووە لە فڕۆکەخانەی هەولێر بنیشنەوە، رەوانەی ئەوێ کراون و لە سلێمانی نیشتوونەتەوە. لە لایەکی دیکە، دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەر بەهۆی تەم و مژەوە، گەشتەکانی راگرت تاوەکو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە.