کچ و کوڕێک بە ١٦ کیلۆ مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێن
+964
زینوێ راوی
کچ و کوڕێک بە ١٦ کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن، ئاسایشی گەرمیانیش دەڵێ؛ مادە هۆشبەرەکەیان لەناو جلوبەرگدا شاردبووەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، دەستگیرکردنی کچێکی ١٨ ساڵان و کوڕێکی ٣٠ ساڵانی راگەیاند کە ١٦ کیلۆ مادەی هۆشبەریان پێبووە.
دەستگیرکردنی ئەو کچ و کوڕە لە کاتێکدایە لە دوو هەفتەی رابردوودا ١٢ کەس لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون.
لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان کە کۆپیەکی دەست +964 کەوتووە، ئەوە روونکراوەتەوە کە ئەو کچ و کوڕە بازرگانی مادەی هۆشبەرن، بە بڕیاری دادوەر گیراون و دۆسیەکانیشیان رەوانەی دادگا کراوە.