ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ باج دەدەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ باج دەدەن و چیتر پێویست ناکات بچنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج.

کارەکە بە رێککەوتنی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێم کراوە و یاداشتەکە لە 19.3.2023 واژۆ کراوە.

لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی هاتوچۆ تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل دەکرێتەوە و لە کاتی گۆڕینی خاوەندارێتی یان نوێکردنەوەی ساڵیانەکەیان باجیان لێوەردەگیرێت.

بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پێشتر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە کاتی مامەڵەدا دەبوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە بگەڕانایەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی باج، بەڵام ئەم کارە ئاسانکاری ئەوە دەکات هەر لە هاتوچۆ هەموو کارەکان بکرێن.

روونیشیکردەوە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی باج لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ دەوام دەکەن.

ناوبراو نەیزانی بە دیاریکراوی کەی ئەو هۆبانە دەکەونەکار، “لە ئامادەکاریداین و هەوڵدەدەین زۆر نەخایەنێت”.