مادەی ١٤٠ چی لێهات؟
964+
کوردستان ئەحمەد – هەولێر
لیژنەی مادەی ١٤٠ كارا کراوەتەوە و بودجەی تایبەت بۆ تەواوكردنی كارەكانی دابیندەكرێت.
رۆژی سێشەممە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دروستکراوەتەوە و لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت.
لیژنەکە لە خودی وەزیر و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان پێکدێت، کە هێشتا دیارینەکراون.
بەپێی زانیارییەکان، لە دوای ١٠ رۆژ لە درووستکردنی، وابڕیارە لیژنەکە کۆببێتەوە و بودجەی تایبەتی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی پەیوەست بە مادەکەوە بداتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بخرێتە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە، ئەو پارەیەش لە رێگەی لیژنەیەكەوە دیاری دەكرێت و خەرجدەكرێت.
هەندێک زانیاریی نافەرمی باس لەوە دەکەن، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە و دەست بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی بكرێت.
ئومێد محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە خۆی خەڵكی شاری كەركوكە بە +964ی وت، بە وردی چاودێری لیژنەی ماددەی ١٤٠ دەكەن و كار لەسەر قەرەبووكردنەوەكان دەكەن بۆ ئەوەی هیچ كەس لە ناوچەكەدا مافی نەخورێت و بڕگەكانی مادەكەش بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێن.
مادەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقدایە، تایبەتە بە چارەسەری کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەەجێکردنی نەنراوە.