عسام راکردن لە دەرمان بە زەروورتر دەزانێت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
هاوڵاتیەکی قەزای دەربەندیخان، لە پێناو دابەزاندنی کێشی رۆژانە چەندین کیلۆمەتر بە پێ دەبڕێت و بێزار نابێت.
عسام مخفلی، تەمەن 51 ساڵە، هاوڵاتیەکی ئاوارەی خوارووی عێراقە و نزیکەی 10 ساڵە لە قەزای دەربەندیخان دادەنیشێت، ئەو هاوڵاتیە کە ئێوارەی لێهات بە جانتا و کورسیەکەی شانیەوە بە راکردن بەرە و شەمێران بەڕێدەکەوێت.
عسام بۆ 964 وتی: لە هەفتەیەکدا چوارجار دەڕۆم و هەر جارێک 20کم بە پێ دەبڕم، جگە لەوەی لە هەفتەکەدا چەندجارێک تا کۆتا خاڵی شەمێران دەڕۆم، هەندێکجاریش لە دەربەندیخانەوە بۆ زەڕایەن، یاخود لە سلێمانیەوە بە پێ بۆ تاسڵوجە و دوکان دەڕۆم.
ئەو پێیوایە “بە رێکردن دەتوانێت کێشی دابەزێنێت و تەندروستیەکی باشتر لە جاران بەدەستبهێنێت”.
بە وتەی خۆیشی کە لەگەڵ خێزانەکەی دەچن بۆ سەیران، ئەوان بە ئۆتۆمبیل و ئەمیش بە پیادە و هەڵورە تا شوێنی گەشتەکە دەچێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق