لە عێراق 1.9 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق تا ئێستا ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە، وەزیری بازرگانیش دەڵێت وڵات دەگاتە ئاستی خۆبژێوی.

ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق رۆژی یەکشەممە، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە باشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەمساڵ جووتیاران لە دوای 24 کاتژمێر لە رادەستکردنی گەنمەکەیان چەکەکانیان پێدەدرێت.

وەزیری بازرگانیی عێراق وتیشی، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و وەرگرتنیش لە ناوەڕاستیدایە، وەرزی ئەمساڵ باش بووە، باران بە بڕی پێویست باریوە و عێراق دەگاتە خۆبژێوی.

بڕی 40 ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێم تەرخانکراوە و حکومەت هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت.

هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ هەرێم زیادکرد و لە 375 هەزار تۆنەوە کردی بە 500 هەزار تۆن.

جگە لەوە، بەغدا بڕیاریشیداوە رێگریی نەکات لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.