کەرکوک.. سوپای عێراق 12 جوتیاری کوردی دەستگیر کرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای کەرکوک سوپای عیراق بەشێوەی رەشبگیری 12 جوتیاری کوردی دەستگیرکرد.

هێزەکانی سوپای عێراق، لە گوندی شەناغەی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز، رەشبگیری جوتیارانی کوردی سنوورەکەیان دەستپێکردوە و 12 جوتیاری کوردیان دەستبەسەر کردووە، پاشان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی دەیانگوازنەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان.

ئەو هێزەی هەڵیکوتایە سەر گوندەکە، فەوجی چوار فرقەی هەشتی فەرماندەی ئۆپەراسێۆنەکانی کەرکوکن، دوای ئەوەی دەیانبەن بۆ بارەگای فەوج ئینجا رادەستی بنکەی پۆلیسی سەرگەڕانیان دەکەن.

دلێر ئەحمەد، موختاری گوندی شەناغە و گابڕک زانیارییەکانی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو 12 جوتیارە کوردەی دەستبەسەر کراون بەبیانوی ئەوەی خەریکی کاری کشتوکاڵی و چاندنی گەنمەشامی بوونە، هێزەکانی سوپاش پێیانوتون ئێمە کارکردنی کشتوکاڵیمان راگرتووە و نابێت دوای دروێنەکردن کاری تر لە زەویەکاندا بکەن.

دەشڵێت: بڕیاری ئەوەیان پێ داوین کە تاوەکو 1.7.2023 هەرچی کەلوپەلی کشتوکاڵییە لەسەر زەوییەکان هەڵیبگرینەوە.

بە قسەی موختاری گوندەکە بێت، هەر گوندی شەناغە ئەو کێشەیەی نییە بەڵکو ژمارەیەک گوندی ناوچەکە هەمان گرفتیان هەیە، ئەوانیش گوندەکانی شەناغە، گابەڕەکە، پەڵکانە، سەربەشاخ و گوندەکانی سنووری سەرگەڕان.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق