دەشتی شارەزوو-تایبەت بە 964
بەرهەمی زۆرە و بازاڕی کزە
باس ھەر باسی گەنمە کەس ئاگای لە جۆ نەماوە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەرهەمی جۆ لەوپەڕی زۆریدایە، بەڵام نرخەکەی دابەزیوە و کڕیاریشی کەمە.
جۆ ھاوتای گەنم و بە رێژەیەکی کەمتر دەچێندرێت، دوو جۆری ھەیە ئەوانیش، کوردی و رەش. ئێستا رەشەکە لە بازاڕدا کیلۆی بە 550 دینار و کوردییەکەی خۆمانیش بە 450 دینار لە جوتیاران دەکڕدرێتەوە.
جۆ رووەکێکی یەکساڵەیە لە تیرەی گەنمەکانە و لە دەستەی دانەوێڵەکانە. لە کوردەواریدا تۆوی جۆ لە سەرەتای بەھار یان پایزدا دەچێنرێ و لە ئاخری بەھاردا دروێنە دەکرێت، مرۆڤ و ئاژەڵیش وەک خۆراک بەکاریدەھێنن.
“جوتیارەکان سودیان لە بەرھەمی ئەمساڵی جۆ وەرگرتووە، بەتایبەت دەشتی شارەزوور بەھۆی ئەوەی بارانێکی زۆرباش باریوە، بەڵام بەھۆکاری ئەوەی سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان وەریناگرن و ھەناردەی شارەکانی عێراقیش ناکرێ نرخی دابەزیوە و بازاڕیشی كەمە”، ئەمە وتەی حامید عەبدولقادری عەلافە لە شاری سلێمانی بۆ 964.
ئەو عەلافە ئاماژەی بەوەشدا، تەنیا سایلۆی پارێزگای موسڵ جۆ وەردەگرێت و تەنیا ئاژەڵدارەکان دێن و بە یەک تۆن یان 500 کیلۆ دەیکڕن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد