بۆردی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بۆ چارەنووسی 210 منداڵ دەچن بۆ ئێران

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بە مەبەستی سۆراغ و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان، بۆردی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە چاوەڕێی هەماهەنگییە لەگەڵ کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر تا بچنە ئەو وڵاتە.

بۆردەکە لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمەوە نووسراوی ئاراستەی کونسوڵخانەکە کردووە.

کاری بۆردەکە ساغکردنەوەی چارەنووسی 210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریەتی، کە دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە 16.3.1988دا بێسەروشوێن بوون.

عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە 964ی راگەیاند، چاوەڕوانی وەڵامی کونسوڵخانەی ئێرانین تا یەکەم سەردانی بۆردەکە بۆ وڵاتی ئێران ئەنجامبدرێت.

بۆردەکە لە لایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، تەندروستی و ناوخۆ تیایدا ئەندامن.

“لە هەرشوێنێکی ئێران بزانین چارەنووسی منداڵێکمان دەستبکەوێت دەگەڕێین”، ئەوەش وتەی عادل مەلا ساڵحە.