بەشە خۆراکی مانگانە مادەکانی زیاد دەکرێت
+964
توانا نەقی – هەولێر
پێشنیارکراوە بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هەم لەڕوی گۆڕینی هەندێک لە مادەکان هەم زیادکردنی چەند مادەیەک.نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە 964+ وت؛ پێشنیارمان کردووە بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق کە گۆڕانکاری بەسەر بڕو جۆری هەندێک لە مادە خۆراکییەکان بهێنن، هەروەها هەندێک مادەی دیکەش زیاد بکرێت. “
گۆڕانکارییەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە شەکر لە یەک کیلۆوە بکرێت بە دوو کیلۆ، لەتکە نۆک لابدرێت بەهۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان نایخوات و داوامان کردووە مادەیەکی تر لە بری دابنرێت، هەروەها داوامان کردووە شیر، تایت و سابون زیاد بکرێت”. نەوزاد شێخ کامیل وای وت.964+
زانیویەتی؛ لە ئێستادا جیاوازی لە نێوان بەشەخۆراکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی عێراق هەیە، چەندین مادە کە هاوڵاتیانی عێراق وەریدەگرن لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە، تەنانەت دەگوترێت لە کوالێتیشدا جیاوازی هەیە. شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی بە 964+ـی وت؛هەواڵێکی خۆش هەیە بۆ هاووڵاتیان، ئەویش ئەوەیە دوای پێشنیاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم، لە وەزارەتی بازرگانی عێراق باس لە زیادکردنی ئەو مادە خۆراکیانە کراوە کە دابەش دەکرێن بەسەر هاووڵاتیاندا، بەڵام “هێشتا تەنیا باسی لێوەکراوە و نەبووە بە بڕیار”
.بەشەخۆراکی هاوڵاتیان، بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، وەزارەتی بازرگانی عێراق تەئكیدی كردووەتەوە لەوەی وەزارەتەکەیان رێكاری پێویست سەبارەت بەفۆڕمی خۆراك و باشتركردنی مادە خۆراكییەكان بگرێتەبەر.