دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی وانەبێژ

فەرمان سادق

دوای کۆتایی هاتن بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستکراوە بە دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی وانەبێژ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31.5.2023، لە سنووری هەردوو قەزای بەردەڕەش و ئاکرێ، دەستکراوە بە دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان لەو دوو قەزایە دەگاتە سەرووی 4700 مامۆستای وانەبێژ.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 1.6.2023،لە هەردوو سنووری پەروەردەکانی پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک دەستدەکرێت بە دابەشکردنی موچەی مانگی 4ـی مامۆستایانی وانەبێژ.

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە کوردستان 35 هەزار و 546 مامۆستایە.

عەلی رەئوف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە 964ـی وت، هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین.

964 دەزانێت، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پەروەردەی مەخمور وەک یەکەم سنووری پەروەردەیی موچەی مانگی 4ـیان وەرگرتووە.