رەئیسی: لەگەڵ سودانی دیدگامان هاوبەشە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان

964+

هێمن بەکر – هەولێر

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک کۆماری ئێران وتی، دیدگای هاوبەشیان هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی “گروپە تیرۆریستییەکان”.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەردانێکی فەرمی، محەمەد شیاع سودانی لە تارانە، پێش نیوەڕۆ لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆبووەوە.

بەگوێرەی قسەکانی رەئیسی لە کۆنفرانسە هاوبەشە رۆژنامەوانییەکەیان، کۆبوونەوەکەیان چەند تەوەرێکی سەرەکی تێدابووە، وەکو روبەڕوبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان، رێگرتن لە قاچاخی مادەی هۆشبەر و بەردەوامیدان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

رژێمی ئیسلامی ئێران بە فەرمی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە “گروپی تیرۆریستی” ناودەبات، چەندین جار داوای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە رێگە بە بنکە و بارەگاکانیان نەدرێت.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، ئەو وڵاتە پێنج جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆیانەوە، ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون.

ئەو هێرشانە لە پاش خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران هات، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن، لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی، کچە کوردەکەی شاری سەقزی رۆژهەڵات.