ئه‌و ماڵه‌ى ته‌قه‌ى لێكراوه.. وێنه: ناحیه‌ى ته‌قته‌ق
“فه‌رمانى ده‌ستگیركردن بۆ ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ى ته‌قته‌ق ده‌رچوه”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له گه‌ڕه‌كێكی ناحیه‌ى ته‌قته‌ق ده‌ستڕێژى گوللـه له ماڵێك ده‌كرێت، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت، تا ئێستا روون نیه مه‌به‌ستى ته‌قه‌كردنه‌كه بۆ كام ماڵى ئه‌و گه‌ڕه‌كه بووه.
ئه‌مڕۆ 30.5.2023 له‌گه‌ڕه‌كێكی ناحیه‌ى ته‌قته‌ق، ته‌قه له‌ماڵێك ده‌كرێت، به‌هۆیه‌وه مامۆستایه‌كى زانكۆ به‌ناوى ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د، كه دراوسێی ئه‌و ماڵه‌یه كه ئاسه‌وارى ته‌قه‌كانى به‌سه‌ره‌وه‌یه، وتویه‌تى “ته‌قه‌كه له‌من كراوه”.
ئاسۆ مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق به 964ـى راگه‌یاند، تا ئێستا روون نیه ته‌قه‌كردنه‌كه بۆ كام ماڵ بووبێت، چونكه ده‌ڵێت “ئاسه‌وارى ته‌قه‌كان به‌سه‌ر ماڵى كه‌سێكه‌وه‌یه كه كارمه‌ندى ئاسایشه و دراوسێی مامۆستاكه‌ى زانكۆیه”.
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه روونیده‌كاته‌وه، مامۆستاكه‌ى زانكۆ سكاڵاى تۆمار كردووه و ده‌ڵێت ته‌قه‌كه له‌و كراوه.
ده‌شڵێت “ئه‌وه‌ى ته‌قه‌كه‌ى كردووه ناسراوه و خوێندكارێكی په‌یمانگایه و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌كاتى تاقیكردنه‌وه‌كان قۆپیه‌ى لێگیراوه”.
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، رێكاره یاساییه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته به‌رده‌وامه و فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش ده‌رچووه.