وەزیری تەندروستی مردن بە تای خوێنبەربوون لە سۆران پشتراستدەکاتەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم گیانلەدەستدانی کەسێکی بەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ئیدارەی سۆران پشتراستکردەوە و دەڵێت، ئەوە یەکەمین حاڵەتی مردن بووە کە تا ئێستا لە کوردستان تۆمارکراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئەمڕۆ دووشەممە 30.5.2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئاشکرای دەکەین، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکەمین تووشبوو بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا”.

تۆڕی 964 دەزانێت هاوڵاتییەکە ژن بووە، دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە لە 17.5.2023 گیانی لەدەستداوە.

پێشتر دکتۆر سەیدەوان عومەر، بەڕێوەبەری بنکەی ڤێتنەری سۆران بە 964ی  وتبوو، سەردانی ماڵی کۆچکردوومان کردووە دەرکەوت هیچ ئاژەڵیان نەبووە، کە بەهۆیەوە نەخۆشییەکەی گرتبێیت.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی ئەوانەی دووچاری نەخۆشی تای خوێنبەربوون هاتوون گەیشتووەتە 139 کەس، ژمارەی ئەوانەشی بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 20 کەس و زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە زیقار بووە بە شەش حاڵەت.