لە ماوەی 4 مانگدا 667 کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون

964+

فەرمان سادق

لەماوەی تەنیا چوار مانگدا 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان دەستگیر کراون.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە 23.1.2023 تاوەکو 22.5.2023 کە دەکاتە تەنیا چوار مانگ، دەستبەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام مادەی هۆشبەر، 530 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچای کە تێکەڵ کراوە بە مادەی هۆشبەری جۆری هیرۆین دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەوەش هاتووە کە لە هەمان ماوەدا دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون.