عێراق دەبێتە ئەندامی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی

+964

فەرمان سادق

دواجار عێراق چووە ریزی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، سەرۆکی دەزگای لوتکەش دەڵێ هێشتا بەرچاومان روون نیە کە چ سوودێکی بۆ کۆچبەران دەبێت.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ عوسما بلبیسی، بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و باکوری ئەفریقای رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، پرسی ئەندامیەتی عێراق لەو رێکخراوە تاوتوێ کراوە، رایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق پشتیوانی لە دۆسیەی بە ئەندامبونی بەغدا لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا لە بارەی کۆبوونەوەکەدا دەڵی، باس لە بەردەوامی هاوکاری دولایەنە کراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی رێکخراوەکە لە عێراق جێبەجێیان دەکات

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە لەبارەی کۆبوونەوەکە بە +964ـی راگەیاند، هیچ ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نین، نازانین چۆن چۆنی باسی دۆخی ئاوارەی ناوخۆی عێراق، پەنابەرانی لە عێراق هەن باسکراوە، هەروەک ناشزانین پلانیان چیە بۆ پەنابەرانی عێراقی کە روو لە دەرەوەی عێراق دەکەن، بۆیە “چاوەڕێن نوێنەری سلێمانی بگەڕێتەوە سلێمانی تا لەسەر ئەو پرسە دانیشتنی لەگەڵ بکەین”.

بەپێی ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢٠ هەزار ٨٤٦ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە دەرەوەی عێراق کردووە، لەم ژمارەیەدا ١٩ کەس گیانیان لە دەستداوەو پێنج کەسیش بێسەروشوێنن.

هەر بەپێی ئاماری دەزگایەکە، ٩٢٦ هەزارو ١٨ ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، کە ٦٤٤ هەزارو ٢٣٧ کەس پەنابەری بیانین و ٢٦١ هەزارو ٧٨١ کەسیش ئاوارەی ناوخۆی عێراقن.

دەزگای لوتکە؛ لە هەشت ساڵدا ٦٩٠ هەزارو ٤٤٤ کەس عێراقیان جێهێشتووە، لەم ژمارەیەدا ٣١٦ کەس گیانیان لە دەستداوەو ٢٢٥ کەسی تریش بێسەروشوێنن.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، یەکێکە لە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ساڵی ١٩٥١ دامەزراوەو تا ئێستا ١٧٤ وڵات ئەندامی رێکخراوەکەن و هەشت وڵاتی دیکەش وەک چاودێرن لە رێکخراوەکە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژەی ئەندامبوونی عێراقی لە ئەنجومەنی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی پەسەندکرد بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لەو رێکخراوە، بەڵام بەهۆی رێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکان تائێستا ئەو پڕۆژەیە نەچووەتەبواری جێبەجێکردن.

لە راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق هاتووە کە ئامانج لە ئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوەکە زیادکردنی پڕۆژەکانی ئەو رێکخراوەیە بۆ چین و توێژەکان کە رووبەڕووی زیان بونەتەوە و ناچارن لە شوێنەکانیانی خۆیان کۆچ بکەن.

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٠ هەزار ٨٤٦ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، لەم ژمارەیەدا ١٩ کەس گیانیان لە دەستداوەو پێنج کەسیش بێسەروشوێنن.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەسەر چوار بنەما کار دەکات، ئەوانیش کۆچ و گەشەپێدان، ئاسانکاری کۆچکردن، رێکخستنی کۆچکردن و بەرەنگاربوونەوەی کۆچی زۆرەملێیی.

ئەو وڵاتانەی دەبنە ئەندامیش لە رێکخراوەکە دەبێت واژوو لەسەر پەیماننامەکانی مافی پەنابەران بکەن، لەوانە دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی گشتی و تەندروستی بە تایبەتی.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە، لە هەشت ساڵی رابردوودا، واتە لە ٢٠١٥ تا شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٦٩٠ هەزارو ٤٤٤ کەس عێراقیان جێهێشتووەو وەک پەنابەر روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، لەم ژمارەیەدا ٣١٦ کەس گیانیان لە دەستداوەو ٢٢٥ کەسی تریش بێسەروشوێنن.