"بەڵگە و پشتڕاستکردنەوە نییە"

ماکرۆن رەتیدەکاتەوە کە هیچ مینێک لە “تەنگەی هورمز” چێندرابێت

964+

فەرهاد حەسەن

سەرۆکی فەڕەنسا ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە مین لە تەنگەی هورمز داندرابێتەوە و دەڵێت، هیچ بەڵگەیەک لەبارەی دانانی مین لەو شوێنە لەبەردەستدا نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی حەوت، سەبارەت بە چاندنی مین لە تەنگەی هورمزدا وتویەتی “هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکم نییە، چ لەلایەن دەزگا هاوبەشەکانەوە یان لە دەزگا هەواڵگرییەکانمانەوە کە ئەو شوێنە مینی لێ چێندرابێت”.

جەختیشی کردەوە، کە داخستنی تەنگەی “هورمز” بە هەر هۆکارێک بێت، بە هیچ شێوەیەک پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە ناهێنێتەوە کە بەسەر رووسیادا سەپێنراون، چونکە ئەم دوو دۆسیەیە لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا تەواو جیاوازن.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانیش، سەرۆکی فەرەنسا روونی کردەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئێران یان کردووەتە ئامانج، نەبووەتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی تواناکانی سەربازیی ئەو وڵاتە.