سێ شوێنی بازرگانی لەقەزای ئامێدی داخران
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
لەسەر نەبوونی مۆڵەتی کارکردن، سێ شوێنی بازرگانی لە قەزای ئامێدی بۆ ماوەی هەفتەیەک داخران.
کاروان حاجی، سەرۆکی لیژنەی ئابوری لە قایمقامیەتی قەزای ئامێدی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە +964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ـی تشرینی دووەم، بەمەبەستی چاودێریکردنی بازاڕو چونیەتی جێبەجێکردنی رێنمایەکانی چاودێری بازرگانی سەردانی سەنتەری ناحیەی دێرەلوکمان کرد، لەئەنجامی سەرەدانەکەمان بڕیاری داخستنی سێ شوێنی بازرگانیمان دەرکرد، ئەویش بەهۆی نەبوونی موڵەتی کارکردن.
زیاتر وتی “پێشتر رێنماییمان بەو سێ شوێنە دابوو کە دەبێت موڵەت دەربێنن، بەڵام جێبەجێیان نەکرد بۆیە بڕیاردرا بۆ ماوەی هەفتەیەک دابخرێت”.
لە راگەیەنراوێکدا، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ئامێدی لەسەر پەیجی خۆیان لە فەیسبووک، هەواڵی داخستنی ئەو سێ شوێنە بازرگانیەیان راگەیاندووە.
+964 دەزانێت، ئەو سێ شوێنەی کە داخراون، کەلوپەلی بیناسازی دەفرۆشن و بۆماوەی هەفتەیەک شوێنەکەیان دادەخرێت.
کاروان حاجی، سەرۆکی لیژنەی ئابوری لە قایمقامیەی قەزای ئامێدی زیاتر وتی “خاوەنی ئەوسێ شوێنە دەبێت سەردانی قایمقامیەت بکەن و، بەزووترین کاتیش موڵەتی کارکردن دەربێنن، بەڵام ئەگەر هەرنەیانکرد ئەوا بە جگە لە داخستن، سزای داراییشیان دەدەین”.