کارکردن لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکان دەستپێدەکاتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کارکردن لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی نیشتەجێبوون دەستپێدەکاتەوە، هیچ وەبەرهێنەرێکیش بێ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان بۆی نییە پارە لە بانک رابکێشێت.

لە ماوەی 17 ساڵی دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان، مۆڵەت بە 199 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە کە بەهاکەی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ژمارەیەک لەو پڕۆژانە ساڵانێکە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

964 دەزانێت، ئێستا لیژنەیەکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەو پڕۆژانە پێکهاتووە و کارکردنیش لە چەند دانەیەکیان دەستیپێکردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە 28.5.2023 لە زاری محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانەوە بڵاویکردووەتەوە، هەریەکە لە پڕۆژەکانی فلۆریا سیتی، ئارام سیتی، وەرین سیتی و شار سیتی و چەندانی تر کێسەکانیان چارەسەر کراون، بەڵام لە نموونەی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت کێشەکانیان زۆربوون و سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن.

“وەبەرهێنەر لەسەری پێویستە هەژمارێکی بانکی بکاتەوە و هەر گوژمەیەک بۆ پڕۆژەکەی پێویست بێت بە رەزامەندی وەبەرهێنان رایبکێشێت، بەوەش  یەکەکان بۆ هاوڵاتیان بۆ تەواو دەکرێن”، ئەمەش وتەی محەمەد شوکرییە.