شەزا حەسون: ئەلیسا سوکایەتی پێکردووم
+964
پەرستۆ ساڵح – هونەری
شەزا حەسون، خانمە هونەرمەندی ناسراوی عێراقی، وردەکاری ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئەلیسا، گۆرانیبێژی لوبنانی ئاشکرا دەکات، پێی وایە سوکایەتی پێکردووە.
شەزا حەسون لە گفتوگۆیەکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ پڕۆگرامی “ئەل مەجهول – نادیار” لە کەناڵی SBI لوبنانی باس لەوە دەکات، ئەلیسا سوکایەتی پێکردووە بەتایبەت لە دواین بینینی پێش دوو مانگ لە رێستۆرانتێک لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، بەشێوازێکی خراپ رەفتاری لەگەڵ کردووە هاوشێوەی گاڵتەپێکردن.
ئەو هونەرمەندە عێراقیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دڵنیابووەتەوە ئەلیسا کاتێک گوێی لە ناوەکەی بووە هەستاوە و بە دەنگی بەرز وتویەتی شەزا کێیە؟
شەزا دەشڵێت، “تووشی سەرسوڕمان بووم لەو هەڵوێستەی ئەلیسا، بەرامبەر هەموو ئەو ئامادەبووانەی لەناو رێستۆرانتەکە بوون، جێگای شەرمەزاری بوو خانمە هونەرمەندێکی لوبنانی بەو جۆرە رەفتار بکات، هەرچەندە گرنگیم پێنەدا”.
روونیشیکردەوە کە بە رەفتاری ئەلیسا زۆر کاریگەر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگای نەداوە رۆژەکەی تێکبدات، بەڵام دواجار ئەویش مرۆڤە و هیوا دەخوازێت لەبیری بکات، لە کاتێکدا یەکێک بووە لە هەوادارانی لە قۆناغەکانی سەرەتای تەمەنیەوە.
ناکۆکیەکانی نێوان ئەلیسا و شەزا حەسون، کاتێک دەستی پێکرد کە وا بڵاوکرایەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەلیسا رەتیکردووەتەوە وێنە لەگەڵ شەزا حەسون بگرێت، لە هەمانکاتدا بە تویتێک شەزا حەسون رەتیکردەوە داوای وێنەی لە ئەلیسا کردبێت.
شەزا ئەمجەد حەسون لەدایکبووی ١٩٨١ لە مەغریب، بەڵام بەرەگەز عێراقیە، یەکەم خانم بوو لە مێژووی پرۆگرامی ستار ئەکادیمی لە کەناڵی LBCی لوبنان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بۆ ساڵی ٢٠٠٧.