بایرن میونشن بە جیاوازی گۆڵ بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا

964+

یانەی بۆروسیا دۆرتموند سەرکەوتوو نەبوو لەوەی ببێتە پاڵەوان و لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر ماینز دۆرا و بەو ئەنجامەش بایرن میونشن بۆ جاری 11 بووە پاڵەوان.

لە دواگەڕی خولی پلە یەکی ئەڵمانیا، یانەی بوروسیا دۆرتموند بە 71 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە بوو، میوانداریی یانەی ماینزی ریزبەندی پلە 9ـی کرد، بە بردنەوە دەبووە پاڵەوانی خولی پلە یەکی ئەڵمانیا، بەڵام یەکسان بوو، لە بەرامبەریشدا بایرن میونشن کە بە 68 خاڵ لە پلەی دووەم دەهات، لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یانەی کۆڵنی ریزبەندی 11ـی بردەوە و بە جیاوازی گۆڵ بووە پاڵەوان.

بەو ئەنجامە دۆرتموند سەرکەوتوو نەبوو لەوەی کۆتایی بە هەیمەنەی بایرن میونشن بەسەر خولی پلە یەکی ئەڵمانیا بێنێت.

بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، دۆرتمەند لە 24 خولەکی گێمی یەکەم دوو گۆڵی لەسەر تۆمارکرا، بەڵام لە خولەکی 69 و 95ـی کاتی زیادکراو، دوو گۆڵی تۆمار کردەوە و ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان، دوای ئەوەی میونشن یارییەکەی بردەوە.

هەرچی بایرن میونشن بوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی میوانی یانەی کۆڵن بوو، هەرزوو لە خولەکی 8ـی یارییەکەدا کینگیسلی کومان گۆڵی پێشخستنی بۆ بایرن تۆمار کرد، لیرۆی سانێ لە خولەکی 45ـی گێمی یەکەم ئەنجامەکەی دوو هێندە کرد، بەڵام ڤاڕ، گۆڵەکەی رەتکردەوە.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 80ـی یارییەکەدا بە لێدانی سزا گۆڵی بەرامبەر بۆ کوڵن تۆمارکرا، بەڵام جەمال موسیالا لە خولەکی 89 گۆڵی بردنەوە و بوونە پالەوانی تۆمار کرد.

بەو ئەنجامەش یانەی بایرن میونشن بە جیاوازی 15 گۆڵ بۆ جاری 11 بەدوای یەک بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا.