خستنەڕووی هەندێک لە دیزانەکانی دیزاینەر لارا هۆمەر دزەیی. وێنە: پەیجی لارا دزەییلە ئینستاگرام
جلوبەرگی کوردی بە ستایلی نوێ لە فەڕەنسا نمایش دەکرێت
964+
میدیا گۆران
جلوبەرگی کوردی بە ستایلێکی نوێ دەچێتە یەکێک لە بەناوبانگترین پێشانگاکانی نمایشی جلوبەرگ لە پاریس، کچە دیزاینەرە کوردەکەش دەڵێت، بڕوای وایە دەگاتە هەموو جیهان.
چاوەڕواندەکرێت لە مانگی تەممووزی داهاتوو هەفتەی نمایشی جلوبەرگ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەبچێت، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو کچە کوردێک بە نمایشکردنی جلوبەرگی کوردی بەشداری لە نمایشە نێودەوڵەتییە دەکات.
لارا هۆمەر دەزیی، ئەو کچە دیزاینەرە کوردەیە کە ساڵانێکە سەرقاڵی دیزاینی جلوبەرگی کوردییە بە ستایلی نوێ کە بووەتە جێگەی سەرنج.
لارا، کچی هونەرمەندی بەناوبانگ هۆمەر دزەییە، بڕیارە بە باوەشێک جلوبەرگی کوردی بەشداری لە نمایشەکە بکات.
ئەم نمایشە، دەبێتە یەکەم نمایشی جلوبەرگی کوردی دوای 78 ساڵ لەسەر سەکۆی (Chambre Syndicale de la Haute Couture).
لەبارەی نمایشەکەوە، لارا هۆمەر دزەیی بە تۆڕی 964ی وت، “ئەمە یەکەمجارە جلوبەرگی کوردی بگاتە ئەو نمایشەی شاری پاریس”.
ساڵی 1945، سەکۆی (Chambre Syndicale de la Haute Couture) لەلایەن فیدراسیۆنی فاشیۆنی فەڕەنسی دامەزراوە و بەشێوەی ساڵانە نمایشی جلوبەرگی تێدا دەکرێت و لە دیارترین بڕاندە جیهانییەکانی وەک (دیۆر، شانێل، لویس ڤیتۆن) و ئەوانی دیکەش، نوێترین مۆدێلی جلوبەرگی تێدا نمایش دەکەن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق