بەخێوكردنی ئاژەڵ لە رواندز قەدەغەكرا

964+
ئاسۆ وەرتی ـــ ڕواندز

دوای ئەوەی هاوڵاتیانی رواندز ناڕەزایەتی و بێزاریان دەربڕی لە بەرامبەر ئەو ئاژەڵانەی لە ناو شار بەخێودەکرێن و سیمای شارەکەیان تێکداوە و زەرەر و زیان بە دانیشووانی شارەکە دەگەیەنن، بڕیاری نەهێشتنیان درا.

چیا محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی رواندز بە 964 ـی وت، ئەو ئاژەڵانە دار و گوڵی شوێنە گشتییەکانیان تێکداوە و هاوڵاتیانش بەردەوام گلەیی دەکەن، کە ناتوانن گوڵ و دار لە پێش ماڵەکانیان بچێنن.

وتیشی: نابێ ئاژەڵ لەناو شاردا بەخێوبکرێت، هەرکەسێ نیازی بەخێوکردنی ئاژەڵی هەیە، بڕواتە گوندەکان بەخێویان بکات، ئەمڕؤ پێنجشەممە دوامۆڵەت بوو بۆ ئەو کەسانەی ئاژەڵانیان هەیە، دەبێت ئاژەڵەکانیان ببنە دەرەوەی شار، لە رۆژی یەکشەممەوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەكان رادەگەیەنین و لێپرسینەوەی یاسایی دەكەین.

گەڕەكەكانی گەروێ رەزان، بانەوزێوك، شەهیدان و نەورۆز ئەو گەڕەكانەن، كە زۆرترین ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەكرێت، ئاژەڵەكان زۆربەیان رەشەوڵاغ و مەڕ و ماڵاتن، ئەم بڕیارە مریشک و پەلەوەرەكان ناگرێتەوە.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد