یەکێک لە شەقامەکانی ناوشاری قەزای سۆران. وێنە: 964+
هەرکەس لە سۆران زەوی سندوقی دەوێت یەکشەممە بچێتە شارەوانی
964+
دێسکی کوردی
شارەوانی سۆران هاوڵاتیانی دەڤەرەکەی ئاگاداردەکاتەوە، دەتوانن رۆژی یەکشەممە سەردانیان بکەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری زەوی سندوقی.
ئەمشەوی چوارشەممە، 24.5.2023، شارەوانی قەزای سۆران ئاگادارییەکەی بڵاوکردووەتەوە.
لە کۆتایی مانگی 11ی پار، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە سندوقییەکانی ئیدارەی سۆران و دەوروبەری هەولێر.
دەستەواژەی “زەوییە سندوقییەکان” لە لایەن خەڵکەوە بەکاردەهێندرێت، بە زەوییەک دەوترێت کە لانیکەم یەکێک لە لایەکانی کراوەتە خانوو.
ئەو زەوییانە پێشتر زیادەڕۆ بوون، واتە دەکەوتنە بەر ماستەرپلانی شارەوانییەکان، دواتر خەڵکێکی زۆر خانووی لەسەر دروستکردن، بەڵام هەمیشە حکومەت هەڕەشەی رووخاندنی دەکردن.
ژمارەی زەوییەکان زیاتر لە سێ هەزار دانەن، دەکەونە ناوەندی قەزای سۆران و دەوروبەری، هەروەها بەشێک لە قەزا و ناحییەکانی دیکەی هەولێر.
پێشتر، 964 قسەی کرد لەگەڵ کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو زانیارییانەی سەرەوەی پشتڕاستکردەوە.
کوردۆ شابان وتی، حکومەت بڕیاریداوە ئەو زەوییانە بە “نرخێکی گونجاو” بە خاوەنەکانیان بفرۆشێتەوە، کە لە لایەن شارەوانی ناوچەکانەوە دیاریدەکرێت.
دوای فرۆشتنەوەی زەوییەکان، خاوەنەکانیان دەتوانن تاپۆی بکەن و مامەڵە یاساییەکانیان لەسەر ئاسان دەکرێت.