ئینتەرنێت هەرزان دەبێت

964+

هێمن بەکر – هەولێر

بە بڕیاری وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، لە سەرەتای مانگی داهاتوو، نرخی ئینتەرنێتی سەرجەم کۆمپانیاکان بە رێژەی سەدا ٢٠ دادەبەزێت.

ئەو بڕیارە نرخی باڵانسی هێڵەکانی پەیوەندی ئاسیاسێڵ، کۆڕەک و زێنیش دەگرێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥، بەهۆی شەڕی داعش و بارودۆخی ئابووری، حکومەتی ئەوکاتەی عێراق بڕیاریدا سەدا ٢٠ باج بخاتە سەر کارتی باڵانسی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی.

ئەوە بووە هۆی گرانبوونی باڵانسی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، بۆ نمونە، ئەگەر نرخی کارتێکی ئینتەرنێت بە ١٦ هەزار دینار بووبێت، ئەوا بەهۆی ئەو بڕیارە بووە ٢٠ هەزار دینار.

لە هەمان کاتدا، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری مۆبایل بووە شەش هەزار و ٢٥٠ دینار، هەزار دینارەکە سەدا ٢٠ی باج دەکات و ٢٥٠ دینارەکەش بۆ بریکارەکان بوو.

رۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بڕیاری هەڵگرتنی باجەکەی دا، وەزارەتی پەیوەندیدار راسپێردرا بۆ گرتنەبەری رێکارەکان.

بۆ رۆژی دواتر، هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق نوسراوی بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت نارد، کە بەو بڕیارە پابەند بن لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە.

نوسراوەکەی وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کۆڕەک و زێن پێشوازییان لە بڕیارەکە کردووە، هەرسێکیان دەڵێن، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی.

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمسیۆنی گەیاندن و راگەیاندن (CMC)ی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەکە.