به‌رازیل به‌بێ نه‌یمار یاری دەکات

“ئه‌ڵمانیا له‌ دێوه‌زمه‌ی ئیسپانیا رزگاری بوو”

+964

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، به‌ڕازیل به‌بێ نه‌یمار و دانێلۆ به‌رامبه‌ر سویسرا یاریی ده‌كات، ئه‌ڵمانیاش توانی خۆی له‌ دێوه‌زمه‌ی ئیسپانیا رزگار بكات و هیوای گه‌یشتنی به‌ قۆناغی داهاتوو بۆ گه‌ڕایه‌وه‌.

یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ
له‌ رۆژی هه‌شته‌می مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ قه‌ته‌ڕ، ئه‌مڕۆ له‌ كۆمه‌ڵه‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م چوار یاریی دێنه‌ ئه‌نجامدان.

له‌ سه‌ره‌تای یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ، كاتژمێر ٠١:٠٠ی نیوه‌ڕۆ، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی كامیرۆن و سڕبیا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌م رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

سڕبیا له‌ یاریی یه‌كه‌م به‌ به‌ڕازیل دۆڕا، كامیرۆنیش به‌ سویسرا دۆڕا بوو.

له‌ یاریی دووه‌می ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل دوای ئه‌وه‌ی یاریی یه‌كه‌می به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ سڕبیا برده‌وه‌، ئه‌مڕۆ كاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێواره‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی سویسرا ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڕازیل له‌ یاریی ئه‌مڕۆدا له‌ تواناكانی نه‌یمار جۆنیۆر و دانێلۆ بێبه‌شه‌، كه‌ پێكانیان هه‌یه‌، هاوكات تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی قورسه‌ بۆ به‌ڕازیل به‌رامبه‌ر تیپه‌كانی ئه‌وروپا.


به‌ڕازیل، به‌ شایه‌تی چاودێران و شڕۆڤه‌كاران، تا ئێستا له‌ مۆندیال وه‌ك باشترین و ئاماده‌ترین تیپ ده‌ركه‌وتووه‌، پێكهاته‌كه‌شی له‌ رووی سه‌ره‌كی و یه‌ده‌گه‌ زۆر تۆكمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

رۆناڵدۆ و ڤالڤێردی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌شته‌می مۆندیالیش، ئه‌مڕۆ تیپه‌كان دووه‌م یاریی خۆیان ده‌كه‌ن.

كاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێواره‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشوور و غانا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.

كۆریای باشوور خاڵێكی هه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاریی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئۆرۆگوای یه‌كسان بوو، غاناش دوای دۆڕانی به‌ پۆرتوگال، كه‌ یارییه‌كی باشیشی كرد، هیچ خاڵێكی نییه‌.

دواتر له‌ سه‌عات ١٠:٠٠ی شه‌و سه‌رنجه‌كان ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی پۆرتوگال و ئۆرۆگوای، كه‌ له‌ یاریگه‌ی لۆسێل رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

پۆرتوگال به‌ سه‌ركردایه‌تی كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی یه‌كه‌م به‌ ٣-٢ گۆڵ له‌ غانای برده‌وه‌، ئه‌مڕۆش هه‌وڵی دووه‌م بردنه‌وه‌ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وێت و له‌ولاشه‌وه‌ خۆی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌ڕازیل له‌ قۆناغی شازده‌ بپارێزێت.

یارییه‌كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رۆناڵدۆ و هاوڕێیه‌كانیه‌تی، به‌رامبه‌ر ئه‌ستێره‌ی لاوی ئێستای ریال مه‌درید، فریدریكۆ ڤالڤێردی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئۆرۆگوای یاریزانانی دیكه‌ی وه‌ك سوارێز، داروین نونێز و كاڤانی له‌خۆگرتووه‌.

ئه‌ڵمانیا هیوای بۆ گه‌ڕایه‌وه‌
شه‌وی رابردوو له‌ یاریی لووتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌مدا، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا به‌ ١-١ گۆڵ یه‌كسان بوون، به‌م ئه‌نجامه‌ش ئیسپانیا بووه‌ چوار خاڵ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌، ژاپۆن و كۆستاریكا هه‌ریه‌كه‌ی سێ خاڵیان هه‌یه‌ و ئه‌ڵمانیای براوه‌ی چوار نازناوی مۆندیالیش ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌یه‌.

ئه‌ڵمانیا هیوای هه‌یه‌ بگاته‌ قۆناغی 16

ئه‌ڵمانیا دوای دۆڕانی به‌رامبه‌ر ژاپۆن له‌ یاریی یه‌كه‌م، ترسی شكست و ده‌رچوونی له‌ مۆندیال له‌سه‌ر بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو، به‌ڵام ئێستا هیوایه‌كی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

مانشافت له‌ یاریی داهاتوو پێویسته‌ بردنه‌وه‌ به‌سه‌ر كۆستاریكا تۆمار بكات و له‌ولاشه‌وه‌ ئیسپانیا له‌ ژاپۆن بباته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی دووه‌م بگاته‌ قۆناغی شازده‌.

هاوكێشه‌كانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی دوو بلیتی كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م، شیكاری دیكه‌ش به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن و دوورنییه‌ ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراو روو بده‌ن.