چیتر پردەکەی زاخۆ تەقە تەق ناکات

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەو پردەی پێی دەڵێن “تەق تەق” نزیک گۆڕستانی زاخۆیە، لە ساڵانی هەشتا بە مەبەستی سەربازی دروستکراوە، بڕیارە بە دیزاینێکی نوێ نۆژەن بکرێتەوە و چیتر تەقە تەق نەکات.

سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە دەڵێن، جگە لەوەی دەمانەوێت تەقە تەقەکەی ببڕین، لە هەمان کاتدا ئاسەواری حزبی بەعسی بەسەرەوە نەهێڵین.

پردی تەق تەق دەکەوێتە سەنتەری زاخۆ، درێژییەکەی 110 مەترە و پانییەکەی 12 مەترە، ئیدارەی زاخۆ بڕیاریداوە نۆژەنیبکاتەوە.

ئەندازیار سەڵاح یوسف، سەرپەرشتی پڕۆژەکەیە، بە 964ی وت، “هۆکاری نۆژەنکردنەوەی کۆنی پردەکە بوو، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکە ئەوەبوو، نامانەوێت مۆرکی حزبی بەعسی بەسەرەوە بمێنێت، چونکە پێشتر ئەو پردە بە مەبەستی سەربازی دروستکرابوو، ئێمە دەیکەینە پردێکی مۆدێرن”.

بە وتەی ئاندازیار سەڵاح، نۆژەنکردنەوەکەی نەدراوەتە کۆمپانیا، گوژمەی پڕۆژەکە دیارینەکراوە، چونکە راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نۆژەندەکرێتەوە.

سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە دەڵێن بڕیار بوو نۆژەنکردنەوەکە بە دوو مانگ تەواو بکرێت، بەڵام زووتر تەواوی دەکەن.

وابڕیارە لە دیزاینە نوێیەکە، پردی تەق تەقی زاخۆ روناکی پێیەوە هەڵبواسرێت، شێوە و دیزاینێكی نوێ وەربگرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی