هاتوچۆی هەولێر: هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی نەبێت دەستی بەسەردا دەگیردرێت
964+
فەرمان سادق
هاتوچۆی هەولێر ئاگاداری خاوەن کۆمپانیاکان دەکاتەوە کە هەر ئۆتۆمبێلێک لە پێشانگا و کۆگاکانتان بێتە دەرەوە بۆ سەر شەقامە گشتییەکان تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیردرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی هەولێر لە نووسراوێکدا بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی بازرگانی بە ئۆتۆمبێل ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی دەرچوونی ئۆتۆمبێل لە پێشانگا و کۆگاکان بۆ هەر مەبەستێک بێت، بێ تابلۆی ژمارە کاتی، بێتە سەر شەقامە گشتییەکان راستەوخۆ لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆ دەستی بەسەردا دەگیرێت و کۆمپانیاکەش سزادەدرێت.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە رابردوودا ئۆتۆمبێلی زۆر هەبووە لە شەقامەکان کە تابلۆیان پێوە نەبووە، کاتێکیش کەوتوونەتە ناو مەفرەزەکانی هاتوچۆ، بەشێک لەوان بە پۆلیسی هاتوچۆیان وتووە کە ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ تەرایی و تاقیکردنەوە لە کۆمپانیا هێناوەتە دەرەوە.
زیاتر وتیشی “بڕیارەکە بۆ ئەوەیە کۆتایی بە بوونی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ بهێندرێت لە شەقامە گشتییەکان”.