لە زانکۆیەکی ئەھلییەوە بۆ زانکۆیەکی حکومی گواسترانهوه
964+
دیلان محهمهد – سلێمانی
ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆیەکی پزیشکی ئەھلییەوە گواستراونەتەوە بۆ زانکی سلێمانی – کۆلیژی پزیشکی، خوێندکارانیش دژی ئەو بڕیارە بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنیان کرد.
رەھێڵ ئەحمەد نوێنەری خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ گردبوونەتەوە و بایکۆتی هۆڵهكانی خوێندنیان کردووە، بە ھۆکاری ئەوەی 11 خوێندکاری زانکۆی کوردستانی پزیشکیی ئەھلی، بۆ كۆلیژی پزیشكیی زانکۆی سلێمانی گواستراونەتەوە.
وتیشی:”ئەو کارەی کراوە بێ رێزیکردنە بە شەونخوونی چەند ساڵەی ئێمە و نایاساییە، کە خوێندکار لە زانکۆی ئەھلییەوە بگوازرێتەوە بۆ زانکۆی حکومی”.
ئەوەشی خستەڕوو، دوو داواکارییان ھەیە، یەکەمیان ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە لە لایەن وەزارەتەوە، دووەمیان بەڵێنی ئەوەیان پێ بدرێت لە ساڵانی داھاتوودا دووبارە نەبێتەوە، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەوەی ئێستا، شکۆی زانست دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو ١١ خوێندکارە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە گوێزراونەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی.