دەربەندیخان داوای گەنجینە دەکات
964+
توانا نەقی
قەزای دەربەندیخان یەکێکە لەو قەزایانەی کەسەر بە پارێزگای سلێمانییە و زۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تێدایە ئەوەی کە ماوەتەوە و لە ئێستادا پێویستە کردنەوەی گەنجینەیە بۆ قەزاکە.
قایمقامی دەربەندیخان سەردانی هەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کردووە بۆ چەند داواکاریەک لە نێویشیاندا کردنەوەی فەرمانگەی گەنجینە بۆ قەزاکەیان.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، داواکەیان لەسەر بنەمای ئەوەیە کە رێگاو بانەکان زۆر خراپن و رۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر روودەکەنە ئەو دوو گەنجینەیەی کە لە سلێمانی هەیە.
وتیشی، ئەگەر بێت و گەنجینە لە دەربەندیخان بکرێتەوە ئەوە هەم کارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی دەربەندیخان دەکات و هەمیش ئەو لۆدە زۆرە لەسەر گەنجینەی سلێمانی نامێنێت.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، چەندین داواکاری ترمان هەبووە لەوانە رێگای بارهەڵگرەکان کە بە ناو دەربەندیخاندا دەڕوات نۆژەنبکرێتەوە و لە 20% پارەی بۆ تەرخان بکرێت, هەروەها رێگای ناوتاق چاکبکرێت و بڵێنیان داوە لە 1.6.2023ـەوە دەستبەچاککردنی بکرێت.