هەورەبروسکە و رەشەبا کارەبای لە تەوێڵە و سیروان بڕی

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەهۆی باران و هەورەبروسکەکەی دوێنێ، شۆرتێك لە فیدەری ژمارە نۆ لە سیروان دروستبوو، ئەمە سێ گەڕەکی ناحیەکەی بێ کارەبا هێشتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، کارەبای هەڵەبجە لە فەیسبووک رایگەیاند، هۆبەی چاکسازیی سیروان توانیان شۆرتەکە بدۆزنەوە و بە زوویی چارەسەری بکەن و کارەبا بگێڕنەوە بۆ هاوڵاتیان.

فیدەری ژمارە نۆ لە سیروان 14 محاویلەی لەسەرە و کارەبا بۆ گەڕەکەکانی ئازادی، شەهیدان و فەرمانبەران دەگوازێتەوە.

هەر دوێنێ شەممە لە هەڵەبجە، رەشەبای بەهێز و بارانی بەخوڕ چەند هێڵێکی کارەبای خست و بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە شارەدێی تەوێڵە.

بە پێی راگەیەندراوێکی کارەبای هەڵەبجە، کە ئەمڕۆ لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، رەشەبا چەندین داری خستووە بەسەر هێڵەکانی کارەبادا و کەواندوونی.

ئێستا کێشەی کارەبای تەوێڵەش لەلایەن هۆبەی چاکسازی شارەدێکەوە چارەسەر کراوە.