پوختەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان

لە کەرکوکەوە تا جنێڤ؛ گرنگترین رووداوەکانی چەند کاتژمێری رابردوو

964+

ژێوار خدر

بۆ ئەوەی خوێنەران و بینەرانی 964 لە هەواڵە خێراکان بێبەش نەبن و ئاگاداری دوایین گۆڕانکارییەکان بن، لەم هەواڵەدا بە وردی هەموو ئەو رووداوانەی چەند کاتژمێری رابردووی ناوچەکە و جیهانمان بۆ کۆ کردوونەتەوە کە کاریگەرییان لەسەر دۆخەکە هەیە.

لە ئاستی ناوخۆدا، ژنێکی 21 ساڵان لە گوندی کۆمپتلەری کەرکوک بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان بە سەختی بریندار بوو، هاوکات عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان فەتوایەکی نوێی دا و چاتکردنی لە نێوان کوڕان و کچان لە ئینتەرنێتدا بە حەرام دانا.

لە لایەکی ترەوە، دۆخی دیپلۆماسی جیهان لە جنێڤ چڕ بووەتەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان کۆبوونەوە، لە کاتێکدا عەباس عێراقچی بە بیرۆکەی نوێوە چووەتە سویسرا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری توند دەداتە تاران و بە ناڕاستەوخۆ چاودێری دانوستانەکان دەکات، هاوکات تاران مانۆرێکی سەربازی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە و ئەمریکاش هێزە ئاسمانی و دەریایییەکانی لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە.

هەر لە چوارچێوەی رووداوە نێودەوڵەتییەکاندا، ترەمپ رایگەیاند کە “ئەنجومەنی ئاشتی” بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکار دەبێت و هیوای خواست ئۆکرانیا و رووسیا بە خێرایی رێکبکەون، بەڵام هیلاری کلینتن هۆشداری دا لە هاوپەیمانی رەوتە دەسەڵاتخوازەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کە هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسی.

لە لایەکی تریشەوە، پرسی خێزانەکانی داعش بووە بە رۆژەڤ و 34 ئوسترالی دوای دەرچوونیان لە کەمپی رۆژ بەهۆی خراپی هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق گەڕێنرانەوە ناو کەمپەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا بە فەرمی رایگەیاند کە ئامادە نین هیچ هاوڵاتییەکیان لەو کەمپانەوە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.

چەند کاتژمێرێک هەموو دۆخی سوریای گۆڕی، چی روویداو چی ل...

چەند کاتژمێرێک هەموو دۆخی سوریای گۆڕی، چی روویداو چی لە رێیە؟