جوتیاران دوای 48 کاتژمێر پارەکەیان وەردەگرن

بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی کەرکوک نزیک دەبێتەوە لە 400 هەزار تۆن

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

لە کەرکوک دەرگای سایلۆکان بە رووی گەنمی جوتیاران کرایەوە و بەپێی پێشبینییەکانیش بێت بەرهەمی ئەمساڵ بۆ دوو هێندە بەراورد بە پار زیادی کردووە.

جیاواز لە ساڵانی رابردوو وەک هاندانێک بۆ جوتیاران حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تەنیا 48 کاتژمێر دوای وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، شایستەی دارایی بە جوتیاران بدات.

بۆ ئەمساڵیش بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بێت، پێویستی ناوخۆ بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمە، چاوەڕێش دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پارساڵ لە کەرکوک 193 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە، بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەرهەم بگاتە 350 بۆ 400 هەزار تۆن.

لە سنووری پارێزگای کەرکوک شەش سایلۆ هەیە، ئەوانیش لە قەزای حەویجە دوو سایلۆ، ناحیەی ریاز دوو سایلۆ، ناحیەی تازە و ناوشاری کەرکوکیش هەر یەکەیان سایلۆیەک، بەڵام ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی کوردستان هیچ سایلۆیەکی تێدا نییە.

راكان سەعید جبووری، پارێزگاری كەركوك بە 964ـی وت، رۆژانە سایلۆی كەركوك و سایلۆی تازە 21 كاتژمێر دەرگایان كراوەیە و بازگەکانیش 24 کاتژمێر بە رووی گەنمی جوتیاران دەرگایان کراوەن.

لای خۆیەوە فەریق روكن جەبار نەعیمە تائی، فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە رێگەی 964 داوای لە جوتیاران کرد کاتێک شەوان بۆ دروێنە دەچن با هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاریان لێبکەن.

هاوکات حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە 964ـی وت، وەزارەت پشت بە بەرهەمی گەنمی پارێزگای كەركوك و موسڵ بە پلەی یەك دەبەستێت.

دەشڵێت: بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق هەركات جوتیار بەرهەمەكەی رادەستی سایلۆ بکات دوای 48 كاتژمێر پارەكەی وەردەگریت و 30 ملیار دیناریش بۆ ئەمە تەرخانكراوە.

ئەمڕۆ شەممە 20.5.2023، لە كەركوك سایلپکان بە رووی جوتیاران کرانەوە و هەر تۆنێکیش بە 850 هەزار دینار وەردەگیردرێت.

شەرەف ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری سایلۆی كەركوك بە 964ـی وت، پارساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیارانی کەرکوک 193 هەزار تۆن بوو، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ رێژەكە بۆ 350 تاوەکو 400 هەزار تۆن گەنم بەرز ببێتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق