مینی ئەربیل دروستكرا

964+
كوردستان ئەحمەد

لەناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، شارەکە بە بچوکكراوەیی دروستكراوە و هاوڵاتیان دەتوانن هەموو كوچە و كۆڵانەكانی ببینن.

لە هۆڵێكی داخراودا، كە دیوارەكانی بە وێنەی كۆنی شاری هەولێر و كەسایەتی و گوند و ناحیەكانی دەوروبەری رازێنراوەتەوە لە ناوەڕاستەكەیدا بە كۆنكرێت و پێداویستی بیناسازی، شاری هەولێر بە بچوكکراوەیی دروستكراوەتەوە.

شارەكە بچوكە، لە دووری دوو مەترەوە دەتوانرێت كۆڵان و باخچە و بازاڕ و مۆڵەكانی بە تەواوەتی ببینرێت، رووناكی و سەوزایی و هێماكانی هاتوچۆی بۆ كراوە.

‎ئومێد خۆشناو، پارێزگاری شارەكە لەوبارەیەوە نوسیویەتی، مینی هەولێر لە پاڵ دیزاینی نەخشەی شاری هەولێر، “هاوکات هەموو مەعالمی مێژوویی و شارستانییە بەناوبانگەکانی شاری هەولێر بە شێوەی بچوککراوە لەخۆگرتووە”.

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، گەورەترین باخچەیە لە جۆری خۆی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، رووبەرەكەی 200 دۆنمە، لە بەشی خۆرهەڵاتی شاری هەولێر دروستكراوە، دەكەوێتە سەر رێگەی كەسنەزان، زیاتر لە 150 جۆر ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەری جیاجیای تێدایە.