200 فۆڕم پڕکراوەتەوە
هەلیکار بۆ دەرچووانی شوێنەوار دەدۆزرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەلیکار بۆ دەرچووانی بەشی شوێنەوار دەدۆزرێتەوە. شوێنەواری سلێمانی کارەکەیان بۆ دەکات و دەڵێت، “لەگەڵ تیمە دەرەکییەکان دایاندەنێین”.
لە ئێستادا 200 دەرچووی شوێنەوار فۆڕمیان بۆ ئەو کارە پڕکردووەتەوە و بەردەوامیش لە زیادبووندان.
زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەریدەخات، 18 تیم لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و چەند وڵاتێکی تر هاتوونەتە سلێمانی بۆ گەڕان و پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان.
نەوشیروان عەزیز، بەرپرسی بەشی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بە 964ی وت، “تیمی چوار کەسی و پێنج کەسی لەگەڵ تیمە دەرەکییەکان دادەنێین، هەم ئەزموون و هەم لە رووی مادیشەوە سوود وەردەگرن”.
روونیشیکردەوە، ئێستا تیمەکان گەیشتوون و سەرقاڵی رێکخستنی تیمی دەرچووەکانن، پاشان پەیوەندیان پێوەدەکرێت بۆ کارکردن.