تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا

ئاوی ژێرزەوی سلێمانی زیاتر لە 12 مەتر دابەزیوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئاوی ژێرزەوی سلێمانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 12 مەتر دابەزیوە و لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت، 10 ساڵی پڕ بارانی دەوێت بۆ ئەوەی وەکو جارانی لێبێتەوە.

ئاستی ئاوی حەوزی سەرچنار – عەربەت، کە تەواوی سەنتەری سلێمانی لەسەر ئەو حەوزەیە، ئەمساڵ 40 ملیم بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بارانبارین لە دەڤەرەکە گەیشتە 722 ملیم.

“بۆ ئەوەی ئەو 12 مەتر ئاوە بچێتەوە شوێنێ خۆی پێویستمان بە 10 ساڵە، کە لە هەر ساڵێکدا 650 ملیم باران کەمتر نەبارێت”، ئەمە وتەی عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، بەردەوام چاودێری ئاوی ژێرزەوی دەکەن و هەوڵی پارێزگاریکردن و زیادکردنی دەدەن.

بەپێی زانیارییەکانی 964، کە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی وەریگرتوون، زیاتر لە 15 هەزار بیری نایاسایی لە سنووری سلێمانی لێدراون و کاریگەریان لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی هەبووە.

لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری 50 بیری نموونەیی هەن، ئاویان لێدەرناهێندرێت و تەنیا بۆ پێوانەی ئاوی ژێرزەوی بەکاردەهێندرێن.