بڕیاربوو بکرێتە دووساید کەچی نۆژەندەکرێتەوە

964+

مەجید بتوێنی – حاجیاوا

رێگای نێوان حاجیاوا – سەروچاوە نۆ ساڵە بڕیاری بە دووسایدکردنی بۆ دەرچووە، کەچی ئێستا تەنیا نۆژەندەکرێتەوە.

درێژی رێگاکە سێ کیلۆمەترە و پانییەکەی حەوت مەترە، ساڵی 2014 حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا، بەڵام ئێستا بڕیارە رێگاکە نۆژەنبکرێتەوە.

نۆژەنکردنەوەی رێگاکە دەستیپێکردووە و 250 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین جێبەجێیدەکات.

ئەزوەر جەعفەر بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا، بە 964ی راگەیاند، لە بنەڕەتدا دەبوایە رێگاکە بە دووساید بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەکراوە، ئێستا رێگاکە کاری چاککردن و قیرتاوکردنی بۆ دەکرێت، بەجۆرێک دوو چین قیری لێدەدرێت.

رێگای حاجیاوا – سەروچاوە لە ئیدارەی راپەڕین، رێگایەکی سەرەکییە و قەزای حاجیاوا دەبەستێتەوە بە ئیدارەی سۆران، بەهۆی یەکسایدی و چاڵوچۆڵی، ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆی تیادا روودەدات.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی