یەدەگی دۆزراوەی نەوتی عێراق 154 ملیار بەرمیلە

ساڵانە عێراق پێنج ملیار دۆلاری بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان دەڕوات

964+

فەهمی نەبی

لە کاتێکدا عێراق پێنجەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بە گوێرەی وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران، عێراق ساڵانە بە بەهای پێنج ملیار دۆلار بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە دەکات.

مەبەست لە کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان، نەوت، بەنزین و گازە.

عەدنان جابری، جێگری لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەی کردووە و دەڵێت: پلانی حکومەت ئەوەیە بەرهەمە نەوتییەکان لە ئاستی ناوخۆدا زیاد بکات، بۆ ئەوەی چیتر ئەو پارە زۆرەی ساڵانە بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان نەڕوات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی وتووە، حکومەت پلانی هەیە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زیاد بکات، چونکە هاوردەکردنی گاز، ساڵانە تێچوویەکی زۆری بۆ عێراق دەبێت.

پێشتر راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، ساڵانە عێراق 12 ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت بە هۆی ئەو گازەی دەیسووتێنێت و ئەوەشی هاوردەی دەکات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی راگەیاندوە، یەدەگی دۆزراوەی نەوتی عێراق تا ئێستا 154 ملیار بەرمیل نەوتە.

عێراق لە ریزبەندی 10 وڵاتە بەرهەمهێنەرەکەی نەوت، پلەی پێنجەمی هەیە، بە جۆرێک رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکان دەکات.