دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری لەبارەی چارەنووسی ئەوانەدا کە رەگەزنامەیان لێ وەرگیراوەتەوە
964+
فەرمان سادق
دادگای باڵای بەریتانیا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی ئەو کەسانە دەرکرد کە بڕیاری لێسەندنەوەی رەگەزنامەی بەریتانیان لەسەر جێبەجێکرا بوو.
دۆسیەی ئەو کەسانەی وەک پەنابەر رەگەزنامەی بەریتانیایان وەرگرتووە بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ رەوەندی کوردی لەو وڵاتە و بەشێکی زۆر لە پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا دەگرێتەوە.
شەوی 14.5.2023، دادگای باڵای بەریتانیا بڕیارەکەی دەرکردووە و دەڵێت، ئەوانەی زانیارییە کەسییەکانی خۆیان بە هەڵە داوەتە حکومەتی بەریتانیا، بەڵام زانیارییەکان هی کەسی دیکە نین لەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە، ئەوا هەڵپەساردنی وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لێی لەسەری هەڵدەگیردرێت.
لە خاڵی دووەمی بڕیارەکە هاتووە، ئەوانەشی منداڵیان لە بەریتانیا لە دایکبووە و رەگەزنامەی بەریتانی هەیە، ئەوانیش هەڵپەساردن لەسەر رەگەزنامەکانیان هەڵدەگیردرێت.
نەجات محەمەد، کوردێکی پارێزەرە لە شاری مانچستەر دەژیت بە 964ـی وت، دادگای باڵای بەریتانیا دوو بڕیاری زۆر گرنگ هەیە لەسەر ئەوانەی لەماوەی رابردوودا رەگەزنامەکانیان هەڵپەسێردرا بوو.
دەڵێت: ئەو کەسانەی رەگەزنامەکانیان هەڵپەسێردراوە، لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی دوو کەیسی ئەلبانییەکان لە ساڵی 2017، بڕیاردراوە ئەگەر کەسێک زانیاری هەڵەی دابێت، بەو مەرجەی هیچ کەسێک لە وڵاتەکەی زانیارییەکانی لەسەر جێبەجێ نە کرێت و خۆیشی بە جەستە لە بەریتانیا بێت، ئەوا هەڵپەساردنی رەگەزنامەکەی لەسەر لادەدرێت.
هەروەها ئەوانەشی کە تەنیا رەگەزنامەی بەریتانیایان هەیە، بە وەرگرتنەوەی رەگەزنامەکەی بێ وڵات دەمێنێتەوە، ئەوا رەگەزنامە لەو کەسانەش وەرناگیردرێتەوە.
بە قسەی نەجات محەمەد بێت، ئەوانەشی منداڵیان لە بەریتانیا لەدایکبووە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیان، ئەوا هەڵپەساردنی رەگەزنامە لەسەر ئەوانیش هەڵدەگیردرێت.
دەشڵێت: زۆرینەی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا ئەو خاڵانە دەیانگرێتەوە.
زیاتر وتیشی “ئەوانەی لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رەگەزنامەکانیان لە دادگا تانەی لێدراوە، پەلە بکەن بۆ پەیوەندیکردن بە پارێزەرێکی شارەزا بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو دوو کەیسەی ئەلبانییەکان، تانە لەسەر رەگەزنامەکانیان هەڵبگرن”.