دانیشتووانی سێ گوند سندوقێکیان دروستکردووە بۆ خزمەتگوزاری و چاککردنی رێگاوبان
964+
فەهمی نەبی
دانیشتووانی سێ گوندی بناری خۆشک، سندوقێکیان دروستکردووە و مانگانە پارەی لێدادەنێن بۆ خزمەتگوزاری گوندەکان بەکاریدەهێنن، نوێترین کاریان چاککردنەوەی رێگای گوندەکانیانە.
خەڵکی هەریەکە لە گوندەکانی قشڵاخ، ناودێ و سراو، نزیکەی ساڵێکە ئەو سندوقەیان دروستکردووە، لیژنەیەک لە خەڵکی ئەو سێ گوندە سەرپەرشتی دەکات و پارەکە دەچێتە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە دەربەندیخان.
سەنگەر سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی سندوقی ئەو سێ گوندەیە، بە 964ی وت، ئەو سندوقەی دروستمانکردووە بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزاری ناوچەکەمان بەکاریدەهێنین، ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە لەرێگەی داهاتی خەڵکی ناوچەکەیە و هەر خێزانێک مانگانە بەپێی توانای خۆی پارەی لێ دادەنێت.
نوێترین کار کە بە پارەی ئەو سندوقە کرابێت، چاککردنەوەی رێگای هەر سێ گوندی قشڵاخ، ناودێ و سراوە، خۆیان دەڵێن هۆکاری چاککردنەوەی رێگای گوندەکانیان بەهۆی ئەوەیە هاتوچۆی زۆری لەسەربووە، بۆیە ئەمساڵ بەهۆی باران و بەفرەوە رێگای ئەو گوندانە تێکچووبوو.
لەبارەی ئەوەی بۆچی پەنا بۆ شارەوانی نابەن بۆ چاککردنی رێگای گوندەکانیان، سەنگەر سدیق دەڵێت: شارەوانی بەزەحمەت شەقامە گشتیەکانی پێ چاکدەکرێت چ جای شەقامی گوندەکان.
وەک زانراوە پێشوتر بە پارەی ئەو سندوقە کارەبا بۆ گۆڕستانە هاوبەشەکەی ئەو گوندانە راکێشراوە.
هەر سێ گوندی قشڵاخ، ناودێ و سراو دەکەونە دەڤەری کوێرەک لە بناری خۆشکی سەر بە ناحیەی مەیدان لە قەزای خانەقین.