داوای مافی خۆیان کرد ئەمرۆ لە کارەکەیان دوورخرانەوە

964+

زەید کۆچەر – ئاکرێ

دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دواکەوتنی موچەکانیان، پێنج کرێکاری ژینگەپارێزی کۆمپانیای MRF لە ئاکرێ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆمپانیاکە دوێنێ یەکشەممە مانیان لە کارکردن گرت تا ئەو کاتەی موچەکانیان پێدەدرێت.

شەریف رەشید ئیسماعیل، یەکێک لە کارمەندە دەرکراوەکانە لە کۆمپانیای MRF بۆ 964ـی وت، ئەمڕۆ بەیانی چووین بۆ سەرکار کەچی بە ئێمە دەڵێن ئێوە فەسڵ کراون.

لەبارەی هۆکاری دەرکردنیشیان، وەک شەریف رەشید دەڵێت: پێیانوتین چۆن دەبێت گردبوونەوە ئەنجامبدەن و کارەکانتان جێبهێڵن.

بە قسەی ئەو کرێکارە دەرکراوە بێت، ئێستا ژمارەیەک کرێکاری دیکە لە جێگەی ئەوان دەستیان بەکارکردن کردووە.

ئەو کرێکارانەی دوێنێ ناڕەزایەتیان نیشانداوە موچەی مانگانەیان 400 هەزار دینارە، دەڵێن 70 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش هۆکار بووە لەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن.

لە بەرامبەر ئەمەدا یاسر حکمەت،بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای MRF لە ئاکرێ ئەوەی رەتکردەوە کە کرێکاریان دەرکردبێت.

لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی “ئەو کەسانەی دوێنی گردبوونەوە و داوای مافی خۆیان کرد، ئێمە دووبارە داوامان لێکردن بگەرێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بەشێک لەوان سووربوون لەسەر ئەوەی ئەوان کار ناکەن تا مووچەکانیان پێدەدرێت، ئێمەش نامانەوێت بۆشایی لە کارمەندەکان دروست بێت و ئەمڕۆ چەند کەسێکی تر لە شوێنیان دانران”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق