28ـی ئەم مانگە بڵاودەکرێتەوە
شیعری 49 شاعیری کورد بە دانیمارکی بڵاودەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ یەکەمجار شیعری 49 شاعیری کورد لە کتێبێکی 600 لاپەڕەییدا لە وڵاتی دانیمارک بە زمانی دانیمارکی بڵاودەکرێتەوە.
کتێبەکە لە لایەن هەریەکە لە ئالان پەری و دارا کوردۆی وەرگێڕ و تۆرڤاڵد بێرتلسن، کە شاعیرێکی دانیمارکییە لە ماوەی پێنج ساڵدا کاری وەرگێڕان و ئیدیتۆری بۆ کراوە..
ئەوەی لە کتێبەکەدایە شیعری ئەو شاعیرانەی کوردە، کە لە دوای ساڵی 1970ـەوە شیعریان نووسیوە و شاعیرانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لەخۆ گرتووە.
ئالان پەری، یەکێک لە وەرگێڕەکانی کتێبەکە بە 964ی راگەیاند، کتێبەکە لەگەڵ تێکستە دانیمارکییەکەدا راستەوخۆ زمانە بنەڕەتییەکەشی لەگەڵدا داندراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک خوێنەرێکی کورد کتێبەکەی بینی و زمانی دانیمارکی نەزانی بتوانێت تێکستەکان بخوێنێتەوە.
دەشڵێت، ئەو دەزگایەی کتێبەکە بڵاودەکاتەوە گرنگی بە شیعری نوێی ئەو ناوچانەدا دەدات، کە بە هەر جۆرێک بێت شەڕ تیایاندا رووی داوە.
کتێبەکە لە لایەن دەزگای Det Poetiske Bureaus Forlag چاپ کراوە و بڕیارە 28.5.2023 لە وڵاتی دانیمارک بڵاوبکرێتەوە.
پێشتر هەوڵ هەبووە شیعری شاعیرانی کورد وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی دانیمارکی، بەڵام یەکەمجارە کتێبێک شیعری 49 شاعیری تێدابێت و بۆ زمانی دانیمارکی وەربگێڕدرێت. ئەمەش وتەی ئالان پەرییە.