لە هەولێر پشووە و سلێمانی ناگرێتەوە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر پشووە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی، بەهۆی مەترسی لافاو، بەڵام ئەمە سلێمانی ناگرێتەوە، ئەگەرچی بارانی زیاتر لەوێ باریوە.
شەوی رابردوو، پارێزگای هەولێر لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڕیاری راگرتنی دەوامی خوێندنی ناوەندە حکومی و ناحکومییەکانی راگەیاند بۆ ئەمڕۆ شەممە، بەدوایدا ئیدارەی سۆران و قەزای کۆیەش هەمان بڕیاریان دا.
لە پارێزگای سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک هەروەها ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەوام وەکو خۆیەتی و پشوو رانەگەیەندراوە.
بە تەنیا لە ماوەی دوێنێ هەینی، رێژەی بارانبارین لە ناوەندی شاری سلێمانی ٢١ ملیم بووە، لە هەولێر ١٨.٨ ملیم، لە دهۆک ١٢ ملیم، هەڵەبجە ٦.٨ ملیم و کەرکوک ٤٠.٥ ملیم بووە، بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان.
قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین رێژەی بارانبارینی لێ تۆمارکراوە بە ٥٤ ملیم.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە، بە ژمارە ٢٤٧ی رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دەسەڵات دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکان، پارێزگاران و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ راگرتنی دەوامی خوێندن، لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی سروشتی کە زیانی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان هەبێت.