وەزارەتی بازرگانی بۆ حکومەت: کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بکەن بە دینار
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، بە فەرمی داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و ئۆتۆمبێل، لە بری دۆلار بکرێت بە دینار.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممەد بە 964ی وت، “ئێمە پێشنیارمان کردووە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە”.
بە وتەی بەڕێوەبەری بازرگانی، هەرکات لە عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، وەزارەتەكانی ناوخۆ و دارایی هەرێم بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدەن.
بە پێی هەواڵێکی کەناڵی فەرمیی عێراقی، لە پێناو سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار و بەهێزکردنی دینار، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە بازاڕەکان لە بری دۆلار مامەڵە بە دینار بکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە، پۆلیسی کەربەلا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ بازاڕی ئەو شارە و سەردانی شوێنی فرۆشتنی بەکۆمەڵ دەکەن.
لەلایەکی دیکە بەشی نەهێشتنی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوی بۆ سەرجەم پێشانگاکانی ئۆتۆمبێڵ کردووە لە پارێزگای سەڵاحەدین، پێویستە لەمەودوا لە بری دۆلار لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵدا بە دیناری عیراقی مامەڵە بکەن.